دەربارەی بەشی شیکردنەوەی نەخۆشییەکان
بەشی شیکردنەوەی نەخۆشییەکان (MLT) یەکێکە لە بەشە تەندروستی-زانستییەکانی پەیمانگەی تەکنیکیی کوردستان (KTI)، کە لە ساڵی ٢٠١٨دا بەپێی پێوەرە زانستییەکان و بە مۆڵەتی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان دامەزراوە. لە دەستپێکی دامەزراندنییەوە، بەشەکە سەرنجی خستۆتە سەر سێ لایەنی گرنگی خوێندن کە بە پێویستیان دەزانێت بۆ پەرەپێدانی خوێندنی تەکنیکیی باوەڕپێکراو لە زانستی شیکاری تاقیگەییدا، ئەوانەش: تاقیگەیی فێرکاریی سەلامەت و بە باشی ئامادەکراو، پڕۆگرامی خوێندن کە هاوتاکراوە لەگەڵ پێوەرە نێودەوڵەتییەکانی شیکاری تاقیگەی پزیشکی، وە ستافی مامۆستایانی بەتوانا و لێهاتوو. بەشەکە خاوەنی تاقیگەی فێرکاریی دەستنیشانکردنی تایبەت بە خۆیەتی لە کامپۆسی سەرەکیی پەیمانگەی تەکنیکی کوردستان لە بەرزاییەکانی سلێمانی، وە فێرخوازانی بەشەکە بەردەوام چالاکیی پشکنینی کۆمەڵایەتی بە سەرپەرشتی مامۆستایان دەنجام دەدەن وەک بەشێک لە ڕاهێنانەکانیان.
فێرخوازانمان لە دوایی تەواوکردنی پڕۆگرامەکانی خوێندن لەم بەشەدا دەبنە هەڵگری بڕوانامەی دیبلۆمی تەکنیکیی باڵا لە شیکردنەوەی نەخۆشییەکاندا. پڕۆگرامی خوێندن لەم بەشەدا بە شێوازی فول تایمە، و ڕاستەوخۆیە، کە کەمترین ماوەی خوێندن تێیدا دوو ساڵە و دابەشبووە بەسەر چوار سمستەری شازدە هەفتەییدا و کۆی گشتی 120 ECTS کردیت دەگرێتەوە. پڕۆگرامی خوێندنی ئەم بەشە بۆ ئەو فێرخوازانە داڕێژراوە کە ڕاستەوخۆ لە دوای تەواوکردنی خوێندنی ئامادەییەوە دێنە ناو ئەم بەشە و مەبەستیانە ڕاستەوخۆ لە تاقیکگەکاندا کار بکەن. دەرچووی ئەم بەشە دەبێتە تەکنیککاری شیکردنەوەی نەخۆشییەکان؛ پیشەوەرێک کە نموونە پزیشکییەکان وەردەگرێت و کۆیان دەکاتەوە، شیکارییە ڕۆتینیەکانی تاقیگە بۆ دەستنیشانکردن لە بوارەکانی خوێن-ناسی، کیمیایی کلینیکی، مایکرۆبایۆلۆجی، سیرۆلۆجی، پاراسایتۆلۆجی، شانە-ناسی و دەستنیشانکردنی گەردیلەیی ئەنجام دەدات، کوالێتی کۆنتڕۆڵ جێبەجێ دەکات بۆ بڕیاردان لەسەر ڕێگەپێدانی دەرچوونی ئەنجامەکان، بە دروستی ڕاپۆرت دەکات، وە ئەو خاڵانە دەناسێتەوە کە پشکنینێک لە دەرەوەی دەسەڵاتی بڕوانامەکەیەتی و دەبێت ڕەوانەی ئاستی باڵاتری بکات.

